نووسینی : محەمەد ئەلمەسقەتی
وەرگڕانی : ئاسۆ وەهاب
پێشەکی:
ئەم پرسیارو وەڵامانە، وەڵامی پرسیارەکانی ئەو کەسانە دەداتەوە کە تووشی دڵەڕاوکێ بوونە بەتایبەت دوای ئەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زانیارییەکی زۆریان لەبارەی پرۆژەکەوە بڵاوکردەوە بەبێ ئەوەی وەڵامی مەترسی و دڵەڕاوکێی کەسەکان بدەنەوە.
ئەم وەڵامانە لە سەرچاوەی جیاجیاوە کۆکراونەتەوە، لەگەڵ چەندین وەڵامی تر کە پێشتر بڵاومانکردووەتەوە.
پ١/ چی ڕوویدا؟
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئیمنستی)، بەھاوبەشی لەگەڵ پلاتفۆڕمی میدیای چیرۆکە قەدەغەکان، بەدواداچونێکی بنکۆڵکاریان لەبارەی سیستەمی سیخوڕی بیگاسۆس کە بەرھەمی کۆمپانیای ئێن ئۆ ئێسی ئیسرائیلییە بڵاوکردەوە، کە بەکارھێنراوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ژمارەیەکی زۆری بەکارھێنەر لەسەر ئاستی دونیا. بەدوداچونەکە لەژێر ناونیشانی پرۆژەی بیگاسۆسە.
پ٢/ چۆن زانیارییەکان بەدەستھات؟
پلاتفۆڕمی میدیای چیرۆکە قەدەغەکان و ئیمنستی تونیان بگەنە داتابەیسی ٥٠ ھەزار ژمارە تەلەفۆن کە مۆبایلەکانیان لەلایەن بەکاربەرانی سیستەمی بیگاسۆسەوە کراوەتە ئامانج.
پ٣/ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکە کێیە؟ ئەوی بەکاردەھێنرێت چییە؟
کۆمپانیاکە ناوی ئێن ئۆ ئێسەو بارەگاکەی لە ئیسرائیلەو کار لەبواری تەکنەلۆژیاو کەلێنەکان دەکات و زۆربەی کارمەندەکانی کۆنە ئەندامی سوپای ئەلکترۆنی ئیسرائیلن کە دوای تەواوبوونی ماوەی خزمەتیان کۆبوونەتەوەو ئەم کۆمپانیایەیان دامەزراندووەو لەژێر چاودێری وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و مۆساد مامەڵەکانیان ئەنجامدەدەن.
بیگاسۆس، سیستەمێکە بۆ سیخوڕیکردن و چاودێریکردنی ئەو کەسەی دەکرێتە ئامانج.
پ٤/ کڕیارەکانی بیگاسۆس کێن؟
بەپێی بەڵگەنامەکان، کۆمپانیای ئێن ئۆ ئێس بەچاودێری وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، ئەم سیستەمەی فرۆشتووەتە زۆر وڵات، ئامانجی ئاشکرا بۆ شوێنکەوتنی تاوانباران و تیرۆریستان، بەڵام ئەو وڵاتانە بەکاریان ھێناوە بۆ تیرۆرکردن و بەندکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ وەک: ئیمارات، سعودییە، بەحرەین، مەغریب، مەکسیک، ئازەربیجان، ھیندستان، مەجەڕستان، تۆگۆ، ڕەواندا…
پ٥/ قوربانییەکان کێن؟
بەپێی بەڵگەنامەکان، قوربانییەکان بریتین لە: ڕۆژنامەوانەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی سیاسی، بەرپرسانی وڵاتان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
پ٦/ ئەگەر ژمارەی کەسەکان کە سیخوڕیان بەسەردا کراوە ٥٠ ھەزار کەس بن، ئایا ھەموویان سیخوڕیان بەسەردا کراوە؟
زۆر ئەستەمە ئەم ژمارەیە پشتڕاست بکرێتەوە، چونکە پێویستە مۆبایلی ھەر یەک لەو کەسانە شیکار بکرێت.
تاقیگەی تەکنیکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی چیرۆکە قەدەغەکراوەکان توانای شیکاریکردنی زانیاری سەر ئەو مۆبایلانە ھەیەو بۆ ئەمە بەرنامەیەکیان داناوە، بەڵام گرفت لەوەدایە ئەو بەرنامەیە کەسانی ئاسایی ناتوانن بەکاری بھێنن. دوای شیکار کردنی ژمارەیەک لە مۆبایلی ئەو کەسانەی ژمارەکانیان ناسرانەوە دەرکەوت ٦٧ لەو ئامێرانە تووشبوونە بە پرۆگرامی سیخوڕی بیگاسۆس.
پ٧/ ھاککردنەکە چۆن ڕوویداوە؟
کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆ، سوودی لە چەند کەلێنێک وەرگرتووە لە سیستەمەکانی وەگڕخستن و بەرنامەکان، بە نموونە واتس ئاپ، یان ئاڕاستەکردن لە ڕێگەی لینکەوە بۆ ماڵپەڕی بۆمبڕێژکراوو تووشبوو کە دوای کلیک کردن لە ھەر شتێکی ڕاستەوخۆ بەرنامەکە دادەبەزێتە ناو ئامێرەکە.
کۆمپانیاکە سوودی لە کەلێنێک بینیوە لە بەرنامەی ئای ماسیجی ئایفۆن و بە شێوازی زیرۆ دەی بوگ سودیان لەکەلێنەکە بینیوە تا سیخوڕی بکەن بەسەر ئەو کەسانەی کرابوونە ئامانج، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کەلێنەکە تەنانەت لە لایەن پەرەپێدەرانەوە پێی نەزانراوەو تەنھا ھێرشبەرەکان پێی ئاشنابوونەو بەکاریان ھێناوە بە بێدەنگی.
پ٨/ بیگاسۆس دەتوانێت چی بکات؟
ھەر ئامێرێک تووشبێت بە بیگاسۆس، ئەوا ھەر شتێک بە ئامێرەکە بیکەیت کەسی بەرامبەر پێی دەزانێت، وەک ئەوەی مۆبایلەکەت بەکراوەیی بەدەستی ئەودا بێت.
دەتوانرێت بەرنامەکە بەکاربھێنرێت بۆ بینینی نامەکان و ئیمێڵ و بینینی ئەو نامانەی بە کامیراکەت دەیگریت، بیستنی ناوەڕۆکی ھەموو پەیوەندییەکانت، دیاریکرنی شوێنت و کردنەوەی کامیراو مایکی مۆبایلەکەت.
پەرەپێدەرانی بیگاسۆس لە ئێستادا لە جاران زیاتر دەتوانن شوێن پێی خۆیان بسڕنەوو ئەمەیش وایکردووە دڵنیابوون لەوەی ئامێرەکەت ھاککراوە یان نە گرانتر بێت.
پ٩/ ئایا دەتوانرێت ئامێرێک بپشکێنرێت تا بزانرێت تووشبووە بە بیگاسۆس یان نە؟
پرۆگرامسازی بیگاسۆس زۆر پێشکەوتووە، بۆیە زۆر زەحمەتە بە وردی دڵنیابین لەوەی ئامێرێکی دیاریکراو تووشی بووە یان نە.
بەرنامەکانی دژە ڤایرۆس و دژە مالوێر توانای دەستنیشانکردنیان نییە.
تەنانەت چارەسەرەکانیش کەسانی ئاسایی ناتوانن بە ئاسانی بەکاری بھێنن، بۆیە ئەگەر ھەست دەکەیت لەو کەسانەی کە ھەوڵی ھاککردنت دراوە ئەوا پەیوەندی بکە بە کەسانی شارەزاوە تا یارمەتیت بدەن.
پ١٠/ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئیمنستی) ڕایانگەیاند کە بەرنامەیەکیان ھەیە بۆ پشکنینی ئامێرەکان ( کۆمپیوتەرو مۆبایل)؟
بەڵێ، ئیمنستی ئەوەیان ڕاگەیاندووەو ڕێنمایشیان لەمبارەوە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەم چارەسەرە ئاڕاستەی پسپۆڕان کراوە نەک کەسانی ئاسایی.
پ١١/ ئایا ڕاستە قوربانییەکان بەکارھێنەرانی ئامێری ئایفۆن ١١ ن ؟
نەخێر، قوربانییەکان تەنھا بەکارھێنەرانی ئایفۆن نین، بگرە سیستەمەکانی تریشی گرتووەتەوە، ئایفۆن و ئەندرۆید.
پ١٢/ کۆمپانیای ئەپڵ ئاپدەیتی نوێی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە و داخستنی کەلێنەکە ناردووە؟
نەخێر، ئاپدەیتی ١٤.٧ ی ئای ئۆ ئێس، بۆ داخستنی کەلێنێکی مەترسیداری تر بوو، کە پێشتر دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا (٣ی ئاب) ئەو کەلێنەی کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆ بەکاری ھێناوە دانەخراوە.
ئامۆژگاری: بەردەوام ئاپدەیتی ئامێرەکەت بکە.
پ١٣/ کەواتە بەرنامەکانی بە کۆدکردن سوودیان نییە.
نەخێر، نابێت دەستبەرداری پاراستنی پەیوەندییەکانمان بین، بەتایبەت بەکۆدکردنی پەیوەندی و چونە ناو ئینتەرنت و بەکارھێنانی تۆڕی گریمانەیی ڤی پی ئێن.
زۆرن ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوەو ھەندێکیان ناتوانین ڕێگریان لێبکەین وەک ئەو کەلێنەی لە سیستەمی وەگڕخستن یان بەرنامەکان ھەن.
ھەوڵەکانی خۆپاراستنی ئامێرو پەیوەندییەکانمان نابێت پاشەکشە بکات، بگرە بە پێچەوانەوە گرنگە پەرەیان پێبدەین و بەردەوام بین لەبەکارھێنانی ھەر تەکنیکێک کە بمانپارێزێت.
پاشەکشەکردن ھاوکاری حکومەت و ھێرشبەرەکان دەدات تا بەئاسانی بەبێ کرینی بەرنامەی گرانبەھا سیخوڕیمان بەسەرەوە بکەن وچاودێریمان بکەن.
حکومەتەکان بە ملیۆنھا دۆلار خەرج دەکەن بۆ بە ئامانج گرتنی چالاکان و ڕۆژنامەوانان، پاشەکشەکردن واتا خەرجییەکی کەمترو ئاسانی بەئامانجگرتن.
پ١٤/ ئایا پێویستە خۆم تووشی دڵەڕاوکێ بکەم؟
ناتوانین بژاردە کەسییەکانت دیاری بکەین، بەتایبەت چی تۆ دەخاتە دڵەڕاوکێ و چی تۆ ئارام دەکات، ئەوەی ھەیە بەبێ بوونی ھەنگاوی کرداری ناتوانرێت پرۆسەکانی ھاککردن و بەئامانجگرتن ڕابگیرێت.
پێویستە دڵەڕاوکییەکە بە ئاڕاستەی ئەرێنی ئەویش بە بەرزکردنەوەو گەشەپێدانی توانا کەسییەکان و زانیاری لەبارەی ئاسایشی دیجیتاڵی و پاراستنی مۆبایل و پەیوەندییەکانت.
پ١٥/ ئامۆژگارییەکان چین؟
١- ئەگەر ھەستت کرد ئامێرەکەت تووشبووە بە بەرنامەیەکی مەترسیدار ئەوا:
- کرداری دەرچون لەھەموو ھەژمارەکانت ئەنجام بدە.
- ھەموو وشەنھێنییەکانت بۆ ئەو ھەژمارانە بگۆڕە.
- وازبھێنە لە بەکارھێنانی ئامێرەکەو دایبڕە لە تۆڕی ئینتەرنت.
- پەیوەندی بکە بە کەسێکی شارەزاوە لەبواری ئاسایشی ئینتەرنت، کێشەکەتی بۆ باس بکە تا ئامۆژگاریت بکات بۆ چارەسەرکردنی.
- ئەگەر تووشی بیگاسۆس یان ھەر وەشانێکی تری پێشکەوتوو بویتە، باشتروایە مۆبایلەکەت بگۆڕی بۆ مۆبایلێکی تازە.
٢- بۆ پاراستنی ئامێرەکەت بەشێوەیەکی گشتی، ئەوا:
- ماوە بۆ ماوەیەک ڕیسیتی (گەڕانەوە بۆ دۆخی کارگە) مۆبایلەکەت بکە بۆ سڕینەوەی ھەر خەوشێک لەسەر ئامێرەکەت ھەبێت.
- بەردەوام بە لە ئاپدەیتکردنی سیستەمی وەگڕخستن و بەرنامەکانت. (ھەموو ئەو بەرنامانە بسڕەوە کە پێویستیت پێیان نییە)
- ھیچ بەرنامەیەک لە دەرەوەی بازاڕی سەرەکی داگرتنی بەرنامە دامەگرە.( گوگڵ پلای و ئاپ ستۆر).
- بەردەوام VPN لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەت بەکاربھێنە.
- دڵنیابەرەوەو پشکنین بکە بۆ ھەموو لینکێک.
( ئامۆژگاری زیاتر : https://digital-protection.tech/2020/11/19/suspicious-link/ )
- دژە ڤایرۆس و دژە مالوێر بەکاربھێنە( ئامۆژگاری زیاتر : https://digital-protection.tech/2018/07/15/malwarebytes/ )
- خۆت بپارێزە بە بەکارھێنانی ئەم ئامۆژگاریانە.
( https://digital-protection.tech/personal-security-checklist/ )