پاراستنی گەنجان لەلایەن ‘مێتا’وە چۆن جیاکاریی دیجیتاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا کورد فراوانتر دەکات؟
لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠٢٦دا، مێتا یەکێک لە گەورەترین ناکۆکییە یاساییەکانی مێژووی کەرتی تەکنەلۆژیای مۆدێرنی کۆتایی پێهێنا، بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بە بەهای نزیکەی ١٧.١ ملیار دۆلار لەگەڵ دەیان ویلایەتی ئەمریکا. لە ڕێککەوتنەکەدا مێتا پابەندە بە جێبەجێکردنی پاکێجێکی بێوێنەی ڕێکار و نوێکاری بۆ پاراستنی منداڵان و گەنجان لەسەر ئینستاگرام و فەیسبووک، لەنێویاندا سنووردارکردنی توندی کاتی بەکارهێنانی ڕۆژانە (زیاتر لە دوو کاتژمێر نەبێت)، قەدەغەکردنی گەیشتنی ئاگادارکردنەوەکان لە کاتی دەوامی قوتابخانە و بە شەو، و ناچالاککردنی ئەلگۆریتمەکانی پێشنیارکردن و فلتەرەکانی جوانکاری بە شێوەی بنەڕەتی.
سەرەڕای دڵخۆشی ناوەندە یاسایی و ڕۆژئاواییەکان بەو ڕێسایانەی کە “پێوەرەکانی پیشەسازییەکە” لەپێناو بەرژەوەندی مناڵان دادەڕێژێتەوە، بەڵام لێوردبوونەوە لە ڕەهەندەکانی بڕیارەکەو بەراوردکردنی بە واقیعی مافە دیجیتاڵییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکوری ئەفریقیا دەمانباتەوە بەردەم چوارگۆشەی جیاکارییەکی بنەڕەتی. ئەم “پاراستنە کە بەکلیکێکەوە پەیوەستە” جارێکی تر حەقیقەتێکی ڕووتی ئاشکراکرد، ئەویش ئەوەیە کە “سیلیکۆن ڤالی” بەردەوامە لە داهێنانی چارەسەری تەکنیکی پڕ بە باڵای کۆمەڵگە ڕۆژئاواییە دەوڵەمەندەکان کە تیایندا یاسا سەروەرە، لەبەرامبەریشدا پشت لە مناڵان و هەرزەکارانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوو کەم درامەتەکان دەکات تا بەتەنها ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببەوە.
پارادۆکسی پاراستن: ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆژئاوا، و لەبەرامبەردا هیچ بۆ ڕۆژهەڵات.
گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کە لەلایەن کۆمپانیای مێتا ڕاگەیەندرا، جیاوازییەکی توند لە نێوان شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەکارهێنەرانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەخەن. لە کاتێکدا مێتا ملیارەها دۆلار بۆ پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکانی ژیری دەستکرد بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی هەرزەکارانی ئەمریکی و پاراستنیان لە ئالوودەبوون و تێکچوونی خود وێنە خەرجدەکات ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست کەمی سەرپەرشتی ناوەڕۆک (Content Moderation) لەڕووی مرۆیی و تەکنیکییەوە دەناڵێنێت.
مێتا بەتەواوی پشت بە ئەلگۆریتمە ئۆتۆماتیکەکان دەبەستێت کە لەڕووی زمانەوانی و چەمک وتێگەیشتنەوە لە زمانە ناوخۆییەکان و لە نێوانیاندا زامنی کوردی هەژارە. ئەم کەموکوڕییە نەک هەر ڕێگە بە زۆربوونی قسەی ڕقاوی دەدات، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەمانەی خوارەوە:
١– کەموکوڕی زمانەوانی و کۆنتێکست: ئەلگۆریتمەکانی مێتا ناتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان زاراوەی شەقام، چەمکە کولتوورییەکان، یان گوتاری توندوتیژی ڕاستەقینە و هەراسانکردن و گێچەڵی.
٢- – سانسۆرکردنی هەڕەمەکیانە: ناوەڕۆکی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە بیانووی “تیرۆر” یان “ناوەڕۆکی هەستیار” بلۆک دەکرێت، لە کاتێکدا تۆڕەکانی گێچەڵی سێکسی(Sextortion) کە منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵان دەکەنە ئامانج بەبێ هیچ ڕێگرییەکی تەکنیکی ڕاستەقینە ڕاناگیرێن.
کورد و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان: قوربانی “کوێری ئەلگۆریتمەکانن”
بۆ گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی سەرەکی “بەسەربردنی دوو کاتژمێری زیادە لە سەر ئینستاگرام” نییە، بەڵکو هەڕەشە وجودییە زۆر ڕاستەقینەکانی توندوتیژی جێندەرییە کە لەلایەن تەکنەلۆژیاوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت (TFGBV)، دزەپێکردنی زانیاری تایبەت، گێچەڵی و هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی ڕێکخراو لە غیابی نەبوونی هیچ سیاسەتێکی پاراستنی دیجیتاڵیدا (تایبەت بە مێتا) کە پابەند بێت بە یاسا و ژینگە ناوخۆییەکانەوە.
کورد و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان: قوربانی “کوێری ئەلگۆریتمەکانن”
ئەگەر کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بەدەست ئەم پشتگوێخستنە تەکنەلۆژییەوە بناڵێنن، ئەوا کەمینە زمانەوانی و نەتەوەییەکان و دیارترینیان کۆمەڵگەی کوردی لە عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران، لە خاڵێکی تەواو کوێردا بۆ ئەلگۆریتمەکانی (دۆڵی سلیکۆن/سلیکۆن ڤالی) دەژین.
١- نەبوونی سەرپەرشتیاری ناوەڕۆکی زمانی کوردی (سۆرانی/کرمانجی) “بەڕێوەبەرانی ناوەڕۆک”:
مێتا هێشتا تیمی پێویستی نییە بۆ پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی نووسراو بە زمانی کوردی و زاراوە جۆراوجۆرەکانی. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن گەنجانی کوردەوە سەبارەت بە هەراسانکردن، قسەی ڕقوکینە لەسەر بنەمای نەتەوەیی، یان هەوڵدان بۆ ئیستغلالکردنی سێکسی پێشکەش دەکرێن، یان بە ئەلگۆریتمێکی ئۆتۆماتیکی خاوەن توانای وەرگێڕان پرۆسێس دەکرێن یان بەهۆی تێنەگەیشتن لە چوارچێوەی کولتووری و سیاسییەوە بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن.
٢- نەبوونی ئامرازی کاریگەری کۆنترۆڵکردنی دایەوباب:
مۆدێلی نوێی “مێتا” گریمانە دەکات کە دایەوبابەکان خاوەنی خوێندەواری دیجیتاڵی و ئامێری زیرەکی پێویستن بۆ چاودێریکردنی هەژماری منداڵەکانیان بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی چاودێریکردنی دایەوباب (Parental Supervision) . بەڵام لە ناوچە کوردی و پەراوێزخراوەکاندا کە زۆرجار بەدەست سەختی ئابووری و ململانێ و ناسەقامگیری سیاسییەوە دەناڵێنن کە لە ئەنجامدا هەژاری تەکنەلۆژی لێدەکەوێتەوە، خێزانەکان کارامەیی سەرەتایی دیجیتاڵییان نییە. ئەم نەبوونییە بۆشایی فراوانی لەنێوان نەوەکان دروستکردووە، گەنجان بەبێ هیچ پاراستنێک لەلایەن خێزان و پلاتفۆرمەکانەوە ڕووبەڕووی ئیستغلالکردنی دیجیتاڵی دەبنەوە.
٣- سیاسەتی سەرکوتگەرانەی حکومەت و نەبوونی جێگرەوە:
لە کاتێکدا یاساکانی ڕۆژئاوا زانیاری هەرزەکاران لە دەستڕاگەیشتنی حکومی و بازرگانی دەپارێزێت، گەنجانی کورد لەسەر پلاتفۆرمی مێتا، ڕووبەڕووی مەترسی شوێنکەوتن و هەراسانکردن لەلایەن دەسەڵاتداران یان گروپە دەستڕۆیشتوو توندڕەوەکانەوە دەبنەوە، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی پچڕاندن و داخستنی ئینتەرنێت یان سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، ئەمەیش بێبەشیان دەکات لە زانیاری سەرەتایی و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.
پاراستنێکی ڕووکەشانە یان کۆلۆنیالیزمی دیجیتاڵی؟
ئەوەی مێتا ئەمڕۆ دەیکات نموونەیەکی ڕوونی “کۆلۆنیالیزمی دیجیتاڵی” یە، کە سەرچاوە دارایی و ئەندازیارییەکان بۆ دابینکردنی پاراستن و ئاسایشی جەستەیی و دەروونی بۆ بەکارهێنەران لە ژینگە ڕۆژئاواییەکان کە توانای کڕینی بەرز و کاریگەریی سیاسی بەهێزیان هەیە، خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا بەکارهێنەرانی جیهانی تازە گەشەسەندوو و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان تەنها وەک “ژمارەیەک” مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ تێرکردنی ئەلگۆریتمەکان و دروستکردنی ڕێکلامەکان بەبێ ئەوەی بچووکترین ئاستی ئاسایشیان بۆ دابین بکرێت.
پابەندبوونی مێتا بە سنووردارکردنی ئامرازەکانی جوانکاری و فلتەرەکان بۆ ڕێگریکردن لە شپرزەیی لەش لەنێو هەرزەکارانی ڕۆژئاوادا کارێکی نایابە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکرێت بە هەرزەکارێکی کورد کە وێنەی پڕۆفایلەکەی دەستکاریکراوەو لە گروپەکانی فەیسبووک یان تێلێگرامدا دزەپێکراوە بە مەبەستی گێچەڵی و ناوزڕاندن، ئەو کات جیاکارییەکە دەردەکەوێت، تەنانەت گەنجە کوردەکە هیچ بژاردەیەکی ڕوون بە زمانی کوردی لەبەردەستی نییە کە ڕێگەی پێبدات ڕاپۆرتێکی بەپەلە تۆمار بکات بۆ لابردنی ناوەڕۆکەکە پێش ئەوەی کارەساتێکی خێزانی یان کۆمەڵگەیی دروست بکات.
لە کۆتاییدا: بەڕاستی کۆمەڵگاکانمان پێویستیان بە چییە؟
یاسا نوێیەکانی مێتا بەڵگەی زیاترن کە خۆڕێکخستن لەلایەن کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگار ناکات. چارەسەرەکە لە چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەیەکی دۆڵی سلیکۆن نییە، بەڵکو لە:
١- فشاری ڕێکخراوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی ماڤپەروەرو دیجیتاڵییە لە ناوچەکەدا بۆ فشارخستنە سەر مێتا بۆ پابەندبوون بە وەبەرهێنان لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرانی ناوەڕۆکی ناوخۆیی بە مەبەستی پێداچوونەوە بەناوەڕۆک بە زمانی کەمینەکانی، ئەوانەی نوێنەرایەتیان نییە (وەک زمانی کوردی).
٢- بونیادنانی تواناکانی ئاسایشی دیجیتاڵی و گشتاندنی لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی هۆشیاری بەزمانی ناوخۆیی کە هەرزەکاران و دایەوبابەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا بکەنە ئامانج، بەبێ پشتبەستن بە ئامرازە ئاڵۆزەکانی کۆمپانیاکان.
٣- – پەرەپێدانی سیاسەت و چوارچێوەکانی پاراستنی زانیاری لەناوخۆدا و سەلامەتی منداڵان کە کۆمپانیا جیهانییەکان ناچار دەکات ڕێز لە تایبەتمەندێتی و سەلامەتی بەکارهێنەرانی ناوخۆیی بگرن.
بەبێ ئەم هەنگاوە کاریگەرانە، “پاراستنی منداڵ و هەرزەکاران” لەسەر پلاتفۆرمەکانی مێتا وەک ئیمتیازێک دەمێنێتەوە کە بە کەسانی بەختەوەر لە ڕۆژئاوا دراوە، لەبەرامبەریشدا وەک دروشمێکی پووچ بۆ کۆمەلگە پەراوێزخراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.
