” توێکاری توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی و قسەی ڕقاوی سیستماتیک لە فەزای ئەلیکترۆنی کوردیدا”
پێشەکی: بەرە نەبینراوەکانی جەنگ
سۆشیال میدیا ئیتر تەنیا فەزای مەجازی نییە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا یان کات بەسەربردن؛ لە چوارچێوەی کوردیدا سوشیاڵ میدیا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی شەڕی ڕاستەقینە کە هەڵمەتی سیستماتیک و ئامانجدار لە دژی لاوازترین و کاریگەرترین گروپەکان بەڕێوەدەچێت. توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بە ئاسانکاری لە لایەن تەکنەلۆجیاوە (TFGBV) یەکێکە لە مەترسییە هەرە بەرچاوەکان بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەشداری سیاسی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم لێکۆڵینەوە قووڵ و شیکارییە لەسەر بنەمای زانیاری کۆکراوە لە فایلی چاودێری مەیدانی “چاودێری سۆشیال میدیای عێراقی-کوردی” وەرگیراون. پرۆسەی چاودێریکردنەکە ٨٩١ پۆستی ناوازەی لەخۆگرتبوو، کە لافاوێکی کارلێکی دروستکردوەو لە ٣٢٠ هەزار کۆمێنت پێکهاتبوو. ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات بۆ شیکارکردنی چوارچێوەی پێکهاتەیی گوتاری ڕقوکێنەو، دەستنیشانکردنی تاکتیکی هێرشی سیستماتیکی و تێکدانی ڕەفتاری دیجیتاڵی لە سەرانسەری پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا (فەیسبووک و تیک تۆک کردووەتە ئامانج)، بە گرنگیدانێکی تایبەت بەو شێوازانەی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ی عێراقدا تۆمارکراون، بە مەبەستی بەستنەوەی بە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی دیجیتاڵی دەرچوونە.
یەکەم: چوارچێوەی پێکهاتەیی و دابەشکردنی داینامیکی توندوتیژی لە س پلاتفۆرمەکاندا
نیشاندەری ئاماری گشتی زانیارییە چاودێرکراوەکان کەلێنێکی ڕوون لە هەڵسوکەوتی پلاتفۆرمەکان و دابەشبوونی قەبارەی گوتاری ڕقوکینە نیشان دەدەن، کە دەتوانرێت بە ڕوانگەیەکی قووڵی کۆمەڵناسی و تەکنیکی شیبکرێتەوە.

١- زاڵبوونی ژمارەیی ژینگەی فەیسبووک (Facebook)
پلاتفۆرمی فەیسبووک گەورەترین و باڵادەستترین پشکی زانیاری چاودێرکراوەکان لەخۆدەگرێت، کە ٧٣.١%ی کۆی گشتی پێکدەهێنێت (٦٤٨ پۆست لەژێر چاودێری تەواودابووە، ٢٢٨,٤٠٩ کۆمێنت تیایدا تۆمارکراوە، لەگەڵ تێکڕای کارلێککردن ٣٥٢.٥ کۆمێنت بۆ هەر پۆستێک).
بە گشتی ئەم قەبارە بەرفراوانە ڕەنگدانەوەی سروشتی نەریتی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە هەرێمی کوردستان، کە فەیسبووک وەک “کایەی گشتی” و سەکۆی سەرەتایی بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان دەمێنێتەوە. ئەم باڵادەستییە لە ئەنجامدا پلاتفۆرمەکە دەگۆڕێت بۆ گەورەترین کۆگای دیجیتاڵی بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕقوکینەی ڕێکخراو و توندوتیژی زارەکی ئاڕاستەکراو، ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی بلاتفۆڕمەکە کە لەسەر بنەمای گفتوگۆی درێژخایەن لەتۆمارکردنی دەق دروستکراوە، بوونی گروپە داخراوەکان و باڵادەستی و هەژموونی لاپەڕە حزبی و سێبەرەکان (Shadow Pages) .
٢- چڕی خێراکردنی کارلێکبوون لەژینگەی تیک تۆک (TikTok)
لە بەرامبەردا ٢٦.٩%ی دیکە زانیارییەکان لە پلاتفۆرمی تیک تۆکەوە وەرگیراوە (بە ٢٣٩ پۆستی چاودێریکراو). سەرەڕای کەمی ژمارەی پۆستەکان بە بەراورد بە فەیسبووک، تیک تۆک ڕێژەی کارلێکبوون لەگەڵ بڵاوکراوەکانی زیاترە بۆ هەر پۆستێک، بە تێکڕا ٣٨٤.٨ کۆمێنتە و کۆی گشتی ٩١,٩٦٢ کۆمێنت لەخۆگرتووە.
ئەم گۆڕاوە داینامیکی ئەلگۆریتمێکی ترسناک ئاشکرا دەکات؛ فۆرماتە ڤیدیۆییە کورتەکانی(Short-form videos) تیک تۆک و ئەلگۆریتمەکانی پێشنیارکردنی زیرەک بەشدارن لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی (Viral Spreading) ناوەڕۆکی کێشەدار یان توندوتیژ بۆ ئامادەبووانێکی بەرفراوان بەبێ ئەوەی پێویستی بە بنکەیەکی فۆڵۆوەری زۆر هەبێت بۆ ئەکاونتی ئەسڵی. ئەم بەشدارییە چڕ و پڕە پشتی بەستووە بە کارلێکی پێکهاتەی دیمۆگرافیای گەنجانەوە (نەوەی گەنجان و هەرزەکاران)، ئەمەش وا دەکات سروشتی توندوتیژییەکان زووتر هەڵبچێت و چڕتر بێت .
دووەم: تاکتیکی “کات بەسەربردن” و وێرانکردنی ناوەندە ئامانجکراوەکان
لە کاتی شیکارکردنی کۆمێنتەکاندا (گرنگترین ئەو هەژمارانەی کراونەتە ئامانج – Top Target Account Types”، داتاکان زانیارییەکی زۆر مەترسیدار دەربارەی ئەو دەمامکان ئاشکرا دەکەن کە گوتاری ڕقوکینە خۆی پێی پەردەپۆش دەکات و دەیکاتە پاسا ئامادەبوونی لەناو کوردەواریدا.
١- لاپەڕەی تەنزئامێز و کات بەسەربردن وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان
لاپەڕە تەنزئامێز و لاپەڕەکانی کات بەسەربردن بە ٣٦٢ زانیاری چاودێری کراو لە پێشەنگی لیستی پۆلە چاودێرکراوەکانەو ٩٤ هەزار و ٧٠٠ کۆمێنت لەخۆ دەگرێت.
ئەم ژمارەیە تیۆرێکی کۆمەڵناسی گرنگ دەسەلمێنێت: ناوەڕۆکی تەنزئامێز لە فەزای دیجیتاڵی کوردیدا وەک بەرگێکی سەرەکی (هاوشێوەی ئەسپی تروادا) بۆ درێژەدان و ئاساییکردنەوەی کۆمەڵگەیی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بە ئاسانکاری لە لایەن تەکنەلۆجیاوە (TFGBV) بەکاردەهێنرێت.
“لە ژێر پەردەی “گاڵتەوگەپ” و “ڕەخنەی کۆمیدی” و “میمز – Memes “دا، ژنان هەراسان دەکرێن و گاڵتە بە ڕەگەز و پێگەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسیان دەکرێت”
لە ژێر پەردەی “گاڵتەوگەپ” و “ڕەخنەی کۆمیدی” و “میمز – Memes “دا، ژنان هەراسان دەکرێن و گاڵتە بە ڕەگەز و پێگەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسیان دەکرێت. ئەمەش تێچووی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ دەستدرێژی کراوەسەر بەرزدەکاتەوە و وادەکات خەڵک بە گشتی زیاتر قبوڵی ناوەڕۆکی توندوتیژ بکەن و بەکارینهێنن بەبێ هەستکردن بەتاوان یان خۆیان بخۆنەوە بەوەی تاوانیان کردووە، کە لەڕووی تەکنیکییەوە دەکەوێتە ژێر پۆلی “گێچەڵی دیجیتاڵی و خراپ بەکارهێنانی ناڕاستەوخۆ”.
٢- بەشەکانی ڕاگەیاندن و هەواڵ وەک زەمینەی لەبار
دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لاپەڕەکانی هەواڵ لە ڕووی ژمارەی پۆستە چاودێریکراوەکانەوە پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە، بە ٣٣٢ پۆستی چاودێریکراو، بەڵام لە ڕووی کۆی بەشداریکردن پێشەنگ بوون و ١٦١ هەزار و ٥٤٥ کۆمێنتی تێدا کۆکراوەتەوە.
جیاوازی نێوان ئەو دوو پۆلە ئەوە دەردەخات کە یەک پۆستی هەواڵ دوو هێندە زیاتر کۆمێنتی ڕقاوی لێدەکەوێتەوە بە بەراورد بە هەر پۆلێکی تر. بەشی کۆمێنت (Comment Sections) لە ئاژانسەکانی هەواڵی کوردی دەبنە فەزای ناڕێکخراو و لە ڕووی تەکنیکییەوە کۆنتڕۆڵنەکراو، کە سووکایەتی ڕاستەوخۆ و دەستدرێژی زارەکی و سێکسی سیستماتیک و قسەی ڕقوکینەی گشتی و سیاسی بە ئازادی لێیەوە دەکرێت. ئەم وتارە ڕقاوییە زۆرجار لە ڕێگەی ئەکاونتی ساختە و سوپای ئەلکترۆنییەوە بڵاودەکرێتەوە بۆ گۆڕین و بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی لە دژی پرسە تایبەتەکانی تایبەت بە ژنان یان کەمینەکان.
٣- بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە گشتییەکان و ژنانی کاریگەر
لە هەژماری کەسایەتییە سیاسییەکان (١٢ هەزار و ٨٢٦ کۆمێنت)، خوڵقێنەرانی ناوەڕۆک و کاریگەرەکان (٢٦٣٨٠ کۆمێنت)، هەروەها هونەرمەندانی ژن، لەوانە ئەکتەر و گۆرانیبێژ (٧١٩٧ کۆمێنت) کۆکراونەتەوە، کە بەشیوەیەکی سیستەماتیک بە ئامانجکراون.
ئەم ئامانجکردنە ڕاستەوخۆیە ڕەنگدانەوەی شێوازێکی دوژمنایەتییە بەرامبەر بە بوونی بەهێز یان کاریگەرانەی مێینە لە کایەی گشتیدا. تا ژنان زیاتر شوێن لە سیاسەت، هونەر، یان میدیادا داگیر بکەن، هەوڵەکان بۆ وەدەرنانی دیجیتاڵی زیاتر چڕتر دەبنەوە، لە پەلاماردانەکاندا بابەتی “بەهای ئەخلاقی”، “ڕەخنە لە ڕوخسار و جلوبەرگ” و “هەراسانکردنی ناڕاستەوخۆو پەردەپۆشکراو”، زیاترین پانتاییان داگیرکردووە هەموو ئەمانە ئامانجیان کشانەوەو پاشەکشەکردنی ژنانە لە کایەی گشتی و کشانەوەیانە بۆ پشتی شاشەکان.
سێیەم: یەکتربڕینی تاکتیکەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی لە نێوان (فەیسبووک و تیک تۆک)دا
زانیارییە کۆکراوەکان دەریانخستووە کە هێرشبەران بەپێی توانا تەکنیکییەکانی پلاتفۆرمە بەئامانجکراوەکە تاکتیکەکانیان دەگۆڕن، بۆ نموونە:
– ژینگەی فەیسبووک (گۆڕەپانی بەسیاسیکردن و بەدامەزراوەییکردنی ڕێکخراوە): توندوتیژی لە فەیسبووکدا لەناو لاپەڕەکانی میدیا و هەواڵدا چڕبووەتەوە (١٣٤٠٩٥ کۆمێنت)، دواتر لاپەڕەی تەنزئامێز (٦٠٨٦٨ کۆمێنت)، پاشان ئەکاونتە سیاسییەکان (١١٨٦٩ کۆمێنت). ئەم توندوتیژییە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێکخراوە و لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بەڕێوەدەچێت، لە لایەن سوپای ئەلیکترۆنییەوە ڕێکدەخرێت و ئامانجی شێواندنی ناوبانگی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و لێسەندنەوەی متمانەی گشتییە لێیان.
– ژینگەی تیک تۆک (فەزایەکە بۆ توندوتیژی تاکەکەسی و بینراو): ڕیزبەندییەکان لە تیک تۆکدا دەگۆڕدرێن، کە توندوتیژی لەناو لاپەڕەکانی تەنزئامێز و کات بەسەربردندا (٣٣,٨٣٢ کۆمێنت)ە ولەپلەی یەکەم دێت، دواتر دەزگاکانی ڕاگەیاندن (٢٧,٤٥٠ کۆمێنت)، و پاشان دروستکەرانی ناوەڕۆک و کەسایەتییە کاریگەرەکان (٢٢,٥٣٩ کۆمێنت). لێرەدا توندوتیژی فۆرمێکی تاکەکەسی و بینراو و چرکەساتی وەردەگرێت، بە پلەی یەکەم سەرنج دەخاتە سەر جەستە و دەنگ و شێوازی ژیان، کە بەهۆی دیاردەی “گێچەڵی خێرای بەکۆمەڵ – Cyberbullying Mobs” فراوان دەبێت.
چوارەم: بەئامانجگرتنی هەڵبژاردن (٢٠٢٥) و هەڵوەشاندنەوەی بلۆکە هێرشبەرە ڕێکخراوەکان دژی کاندیدە ژنەکان
ئەم توێژینەوەیە گرنگییەکی زۆری هەیە لە جیاکردنەوە وشیکردنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بە “چاودێریکردنی گوتاری ڕقوکینە دژی ژنان لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ی عێراق”، کە ٢٣٦ حاڵەتی ڕاستەوخۆی تێدا بەدی و چاودێری کراوە. زانیارییەکان دەریدەخەن رەفتارێکی هێڕشبەرانەی هەماهەنگ و ڕێکخراو (Coordinated Inauthentic Behavior) لەلایەن ئەکتەرە سیاسییەکانەوە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوەدەچێت.
دوای شیکاری دەردەکەوێت ١٠ ئەکاونتی سەرەکی هەن زۆرجار کراونەتە ئامانج، لە کاتی پشکنینی ئەو ئەکاونتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووەو هێرشیان کراوەتەسەر دەردەکەوێت:
١- ئاڤا میدیا (١٨ پۆستی چاودێری کراو – کۆی ١٥,٤٣٦ کۆمێنتی تێداکراوە): لە ڕووی دووبارەکردنەوەو چاودێریکردنەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. پلاتفۆرمێکی میدیاییە کە ڕوماڵی ڕووداوە ناوچەییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی ژنانی چالاک و چالاکییە سیاسییەکانیان وایکردووە ببێتە ئامانجی یەکەم بۆ هێڕشی سوپا ئەلیکترۆنییەکان.
٢- چینین (١١ پۆستی چاودێری کراو – کۆی ١٦,٧١٧ کۆمێنتی تێداکراوە): لەم (هەژمارە-لاپەڕەیە) بەرزترین توندوتیژی دیجیتاڵی تۆمارکردووە تا ئێستا لە هەڵبژاردنەکاندا؛ تەنها لە ١١ پۆستدا زیاتر لە ١٦ هەزار کۆمێنتی هێرشبەری کۆکراوەتەوە. ئەم چڕییە بەرزە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی لاپەڕەکە کە بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ سەرنج دەخاتە سەر پرسی ژنان و چالاکی فێمینیزم و پشتیوانی بابەتە جێندەرییەکان و کاردانەوەی گروپە کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستەکان یان سیاسییەکان دەوروژێنێت.
٣- لاپەڕە گەورەکانی هەواڵ لە هەرێمی کوردستان: وەک گاڤ (١٢ پۆست – ٣,٧١٠ کۆمێنت)، کوردستان24 (١٠ پۆست – ٥,١٠٣ کۆمێنت)، پۆڵەتیک پرێس (١٠ پۆست – ٢,٦٢٨ کۆمێنت)، دهۆک تی ڤی (١٠ پۆست – ١,٩٧٨ کۆمێنت). ئەم دووبارەبوونەوەیە دەیسەلمێنێت کە گفتوگۆی سیاسی کراوە لەسەر لاپەڕەکانی میدیای کوردستان هەر کە بابەتەکانی پەیوەست بە پشکی ژنان، ئەدای کاندیدە ژنەکان، یان مافە یاساییەکانی ژنان بەرزکرانەوە، بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ ژینگەی هێرشبەر و ژەهراوی.
٤- بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی کاندیدە ژنەکان (دیلان مامۆستا غەفوور وەک نموونە): ناوی کاندید و کەسایەتی سیاسی دیلان مامۆستا غەفوور لە ٨ پۆستی چاودێرکراودا دەردەکەوێت کە هەزار و ١٣٤ کۆمێنتی هێرشبەری ڕاستەوخۆی بۆ هاتووە. ئەم ژمارەیە نوێنەرایەتی نمونەیەکی زیندوو و بەڵگەدار دەکات لە توندوتیژی سیاسی دیجیتاڵی ئامانجدار، کە تێیدا باس لە بەرنامەی هەڵبژاردن یان لێهاتوویی پیشەیی کاندیدەکە ناکرێت، بەڵکو هەڵمەتی قسەکردن بە قسەی ناشرین و ناوزڕاندن لە دژی دەستپێدەکات بۆ تێکدانی متمانەی دەنگدەران پێی و ناچارکردنی بە پاشەکشەکردن.
پێنجەم: دابەشکردنی ئاماری (لینک/بەستەر) و هەڵمەتە پێشبینیکراوەکانی توندوتیژی
بە پشتبەستن بە فلتەرکردنی زانیارییەکانی ناو فایلی کۆکردنەوەی زانیارییەکان و شیکاریان بە بەکارهێنانی زمانی بايثون بۆ ئامادەکردنی داتا بۆ دروستکردنی مۆدێلی زیرەکی دەستکرد، پۆلێنی بەستەرە کۆکراوو چاودێریکراوەکان بەپێی سروشتی توندوتیژی پێشبینیکراو، بۆ سێ پۆلی سەرەکی کراوە، کە پۆلێنەکان ڕەچاوی پۆلێنبەندی نێودەوڵەتی ڕەچاوکراوە:
١- پۆلێنی: توندوتیژی زارەکی و گوتاری ڕقاوی گشتی و سیاسی: ٤١١ لینک/بەستەر. میدیا و سیاسەتمەداران کراونەتە ئامانج و ناوەڕۆکەکەیان لەسەر بنەمای سووکایەتی و تۆمەتی خیانەت و ناوزڕاندنی سیستماتیک بۆ بێدەنگکردنی ئەکتەران سیاسی لە ژنان دامەزراوە.
٢- پۆلێنی: خۆسەپاندنی ئەلیکترۆنی و خراپ بەکارهێنانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ: ٣٦٢ لینک/بەستەر. چڕبووەتەوە لەبەکارهێنانی هەژمارەکانی کات بەسەربردن و تەنزئامێز لە ڕێگەی بەکارهێنانی Memes و جۆشدان و کۆکردنەوەی جەماوەری بۆ کەمکردنەوەی لە پرسی جۆری کۆمەڵایەتی.
٣- پۆلێنی: گێچەڵیکردن بە ڕواڵەت و خراپ بەکارهێنانی زارەکی پەردەپۆشکراو: ٧٢ لینک/بەستەر. ژنانی هونەرمەند و کاریگەرەکان کردوەتە ئامانج، و پشتی بەستووە بە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و حوکمدانی توندی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی.
“کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە تاوانە ئەلکترۆنییەکان لە لایەن پەرلەمانی کوردستان و هاوکات یاسا وابەستەکانی تر تایبەت بە تەکنەلۆژیاو مافی بەکارهێنەرو تایبەتمەندێتی و پەخش و…هتد دەربکرێت و لایەنی جێبەجێکار کاری پێبکەن.”
شەشەم: یەکتربڕین و یەکدەنگی لەگەڵ ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و بنکەدراوەی زانیاری
ئەم دەرئەنجامانەی لەو زانیارییانە وەرگیراون کە لە واقیعی کوردییەوە کۆکراونەتەوە، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو نیشاندەر و ڕاپۆرتانەی لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی ژنان و ئاسایشی دیجیتاڵییەوە دەردەچن:
- ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International): لە لێکۆڵینەوەکانیدا لەسەر “توندوتیژی دیجیتاڵی دژ بە ژنان”، ڕێکخراوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا بە بەردەوامی شکست دەهێنن لە دەستکاریکردن و چاودێریکردنی ناوەڕۆکەکان کە بە شێوەزارە ناوخۆییەکان نووسراون، بەمەش ژینگەیەکی بێ سزای تەواو بۆ تاوانباران دابین دەکات، ئەمەش بەڵگەی ئەو ژمارە زۆرەی کۆمێنتەکان لە لاپەڕەکانی میدیای کوردی (وەک گاڤ و… کوردستان24).
- ڕێکخراوی (UN Women): لە ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە توندوتیژی سیاسی دژی ژنان لە فەزای دیجیتاڵیدا ئاماژەدەدات بۆ پەرەسەندنی مەترسیدار و سیستماتیکی گوتاری ڕقوکینە لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا، بە ئامانجی دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان. ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو ٢٣٦ حاڵەتەدا دەگونجێت کە لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ی عێراقدا بەڵگەی لەسەر کراوەتەوە، لەوانە بە ئامانجگرتنی کاندید دیلان غەفور و ئەکاونتەکانی وەک چینین و ئاڤا میدیا، کە توندوتیژی دیجیتاڵی وەک ئامرازێکی سەپاندنی هەژموونی نێرینە بەکارهێنراوە.
حەوتەم: دیدگای پێشبینیکراو و پێشنیارەکان
ئەم زانیارییانە ڕێگەمان پێدەدات نەخشەڕێگایەکی گشتگیر دابڕێژین، بۆ کارکردن لەسەر:
یەکەم: بەکارهێنانی ئەم زانیارییە کۆکراوانە بۆ دروستکردنی مۆدێلی ژیری دەستکرد (AI Predictive Model)
بەکارهێنانی لە ڕاهێنانی مۆدێلێکی فێربوونی ئامێری Machine learning model، زانیارییەکانی فایلی filtered_social_media_violence.csv بەسوودن وەک زانیاری ڕاهێنان (Training Dataset)، دەتوانرێت ٦٤٩ زانیاریی (ناوەڕۆکی لینک/بەستەرەکان) بەکاربهێنرێن بۆ ڕاهێنانی ئەلگۆریتمەکانی پرۆسێسی زمانی سروشتی (NLP) بۆ دیاریکردنی “کلیلە وشەی ژەهراوی” بە هەردوو زمانی کوردی (زاراوەی سۆرانی و کرمانجی). پرۆژەی سەفا SAFA کار لەسەر بونیادنانی ئەم نموونەیە دەکات بە هەردوو زمانی عەرەبی (عێڕاقی) و کوردی (زاراوەی سۆرانی و کرمانجی).
دووەم: دیاریکردنی هێرشی پێشوەختە: دەتوانرێت پەرە بە ئەلگۆریتمێکی پێشبینیکردن بدرێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی چڕی کارلێکبوون لەگەڵ پۆستێکی دیاریکراو. ئەگەر پۆستی لاپەڕەیەکی هەواڵی تووشی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ژمارەی کۆمێنتەکان بوو کە لە تێکڕا زیاتر بێت (بە پشتبەستن بە ناوەندی کۆمێنتکردن لەو زانیارییانەی کۆمانکردوونەتەوە لەنێوان ٣٥٠-٣٨٠ کۆمێنت)، سیستەمەکە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە دەردەکات کە ئاماژە بۆ بوونی “هێرشی ڕێکخراو Attack Mob ” دەکات، ئەمەیش چارەسەرە بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەبارەیەوە پێش بڵاوبوونەوەی.
هەشتەم: ڕاسپاردەی ستراتیژی و حوکمڕانی فەزای دیجیتاڵی
– کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە تاوانە ئەلکترۆنییەکان لە لایەن پەرلەمانی کوردستان و هاوکات یاسا وابەستەکانی تر تایبەت بە تەکنەلۆژیاو مافی بەکارهێنەرو تایبەتمەندێتی و پەخش و…هتد دەربکرێت و لایەنی جێبەجێکار کاری پێبکەن.
– دامەزراندنی یەکەی پسپۆڕی پۆلیسی ئەلکترۆنی، هەبوونی یاسا بەبێ میکانیزمی جێبەجێکردنی هۆشیار؛ کاریگەری نابێت، بۆیە توانای یەکەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی دەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوربانیانی توندوتیژی دیجیتاڵی بە نهێنی تەواو بنیات بنرێت، کەناڵی ڕاپۆرتکردنی کۆدکراو و پارێزراو دابین بکەن، و دوور بکەونەوە لە “لۆمەکردنی قوربانییەکان” بۆ دڵنیابوون لەوەی کە قوربانییەکان ئامادەن بۆ هەواڵدان لەتاوانەکان.
– پەرەپێدانی سیاسەتەکانی سەرپەرشتیکردن لە دامودەزگاکانی میدیادا: پێویستە پلاتفۆرمە میدیاییەکان چاودێری بەڕێوەبەرانی ناوەڕۆک (Moderators) دەستنیشان بکەن یان فلتەری وشەی ئۆتۆماتیکی بەکاربهێنن بۆ پاککردنەوەی بەشی کۆمێنتەکان، ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی پلاتفۆرمەکانی هەواڵ ببنە زەمینەی تەشەنەکردنی توندوتیژی جێندەری.
– هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەسەر تیک تۆک: بە سەرنجدان بەوەی کە تیک تۆک سەکۆیەکی زۆر کارلێککارانە و زۆرجار تێبینی بەکارهێنانی تەنزی بەرهەمهێنەری توندوتیژی لەناوەڕۆکەکەیدا دژ بە تاک و گروپە لاوازەکان دەکرێت، پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیاری لەسەری ڕێکبخرێت و ناوەڕۆکی بینراوی دژبەرو کورت و سەرنجڕاکێش لەسەر تیک تۆک بەرهەمبێت بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان سەبارەت بە مەترسییەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە “کات بەسەربردن” ڕێگر نییە لەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی تاوانی ئەلکترۆنی ئەنجامدەدەن و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کاریگەرییە دەروونییە وێرانکەرەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی کەمتر نییە لە تاوانەکانی ژیانی واقیعی.
– دروستکردنی تۆڕی سەلامەتی دیجیتاڵی بۆ کاندید و چالاکوانانی ژن: دامەزراندنی سەنتەرێکی تەکنیکی وەڵامدانەوەی خێرا کە لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی تەکنیکی بۆ چالاکان و ژنانی کاندید دابین بکات، هەروەها ڕاهێنانیان لەسەر تاکتیکەکانی بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، و بەڵگەنامەکردنی پیشێلکارییەکان بە مەبەستی پێشکەشکردن بە دەسەڵاتی دادوەری تا بە پشتبەستن بە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دژی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان مامەڵە لەگەڵ تاوانباران بکەن.
بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری دیجیتاڵی کوردەواری لە ڕێگەی پرۆگرامەکانی خوێندنی و دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا لە هەرێم. پێویستە هۆشیاری ئاسایشی دیجیتاڵی و تایبەتمەندێتی وەک بەشێکی سەرەکی لە دەستپێشخەرییەکانی پەروەردە و هۆشیاری کۆمەڵگە یەکبخرێت. ئەمەش بریتییە لە ڕاهێنانی تاکەکان لەسەر میکانیزمە بنەڕەتییەکانی خۆپاراستن، بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و گێچەڵی و هەراسانکردنی ئەلکترۆنی.
ئەنجام
ئەو ژمارانەی لە فایلە چاودێریکردنی پرۆژەی SAFA کۆکراونەتەوە جێگەی مەترسین. لە پشت هەر یەکێک لەو ٣٢٠ هەزار کۆمێنتەی کە چاودێری کراون، هەوڵێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنێک، لەکەدارکردنی ناوبانگی کاندیدێک، یان بێدەنگکردنی پلاتفۆرمێک کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکات. بەرەنگاربوونەوەی ئەم چەکە دیجیتاڵییە بێدەنگە نەک تەنها پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە بەڵکو پێویستی بە ئامرازە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکان و مۆدێلی زیرەکی دەستکردی نیشتمانی (وەکو SAFA) هەیە، کە لەسەر بنەمای داتای جیهانی واقیعی و ناوخۆیی بونیاددەنرێت، توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سوپایە ئەلیکترۆنییانە و پاراستنی فەزای دیجیتاڵی کوردی لە هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیابوون لەوەی وەک فەزای سەلامەت و دیموکراسی بۆ هەمووان بمێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
١- زانیارییە کۆکراوەکانی فایلی Iraqi-kurdish Social Media Monitoring ی تایبەت بە پرۆژەی SAFA کە کە ڕێکخراوی INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان جێبەجێی دەکات.
٢- الوقايـة من العنف ضد المـرأة في الحيـاة السيـاسيـة، مذكرة توجيهية، هيئة الأمم المتحدة للمرأة، نيويورك، تشرين الاول/أكتوبر 2021.
3- #TOXICTWITTER, VIOLENCE AND ABUSE AGAINST WOMEN ONLINE, Amnesty International, 2018.
4- OGBV Report Iraqi Elections 11 March 2026, & Arabic copy
