مافی مرۆڤی یونامی و دەزگای INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان لە عێراق ڕێنمایی بەکارهێنەران تایبەت بە ئاسایشی دیجیتاڵی بۆ داکۆکیکارانی عیراقی مافی مرۆڤیان خستە بازاڕەوە

بەغدا، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢: نووسینگەی مافی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (UNAMI)، بە هاوبەشی لەگەڵ INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان لە عێراق، ئەمڕۆ “پاراستنی ئۆنلاین و ئاسایشی دیجیتاڵی: ڕێنمایی بەکارهێنەر بۆ بەرگریکارانی مافی مرۆڤ”ی خستەگەڕ. ئەم ڕێنماییە ئاسانە بۆ بەکارهێنەر، کە بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی بەردەستە، زانیارییەکی ڕەخنەگرانە لەبارەی ئامراز و ستراتیژییە کۆنکرێتییەکان بۆ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی دیکە و هەروەها ڕۆژنامەنووسان بۆ زیادکردنی سەلامەتی و تایبەتمەندییەکانیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەڕەخسێنێت.

دەستپێکردنەکە هاوکاتە لەگەڵ مانگی هۆشیاری ئاسایشی ئەلیکترۆنی، بە ناونیشانی “ژیانی دیجیتاڵی خۆت بپارێزە”، و پشتگیری لە بانگەوازی ٢٠٢٠ی سکرتێری گشتی دەکات بۆ کارکردن سەبارەت بەو دیدگایەی کە تەکنەلۆژیا دیجیتاڵیەکان بە سنوورێکی نوێ بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبەستێتەوە.

لە عێراقدا داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ تادێت پشت بە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەبەستن بۆ چاودێریکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ یاخود هاوبەشکردنی بۆچوونەکانیان و بەرەوپێشبردنی مشتومڕ و کۆکردنەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەکتەرە بەدخوازەکان ئەم پلاتفۆرمە ئۆنلاینانەیان بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و ترساندن و هەراسانکردنی چالاکوانان.

دانیێل بێڵ، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی و نوێنەری نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.، وتی: “ئەم ڕێنماییە زانیاریی پراکتیکی دەداتە بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی لە عێراق، بەتایبەتی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە چۆنیەتی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئۆنلاین، پاراستنی نهێنی و داتاکانیان، و پاراستنی ماف و ئازادییەکانیان بە شێوەی ئۆنلاین. بەم هەوڵە ئامانجمان ئەوەیە بگەینە زۆرترین بەکارهێنەر بۆ ئەوەی ئەو زانیاری و ئامرازانەیان بۆ دابین بکەین کە پێویستن بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی و ئازادانە کارەکانیان بەڕێوەببە”.

حەیدەر حەمزۆز، دامەزرێنەری INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان لە عێراق، دووپاتیکردەوە کە “توانای عێراقییەکان بۆ گەشتکردن بە سەلامەتی لە فەزای دیجیتاڵیدا، لە پێشینەی کارەکانی INSM و ئەم ڕێنماییە وەک هەنگاوێکی گرینگ بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کاردەکات”.

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی و INSM ڕاهێنانی دەستی بە ئاسایشی دیجیتاڵی پێشکەش بە زیاتر لە ٢٣٠ بەرگریکار و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە مافی مرۆڤ کردووە. جگە لەوەش دەیان ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵسەنگاندنی تایبەتیان بۆ باشترکردنی پرۆفایلی ئاسایشی دیجیتاڵی خۆیان وەرگرتووە.

بەندی 19
جاڕنامەی گەردوونى مافەکانى مرۆڤ
ھەموو مرۆڤێک مافى ئازاديى بیروڕا و ئازاديى دەربڕینى ھەیە. بە گوێرەی ئەم مافە ھه‌موو مرۆڤێک بێ دەستتێوەردان ئازادە لە ھەڵبژاردنى بيروڕا، گەڕان به‌دواى زانيارى، وەرگرتن و پەخشى زانیاری و بيروڕا بە ھەموو دەستاوێژێکى دەربڕین و بێ گوێدانە سنووری ناوچە.