لە سەردەمی خێرای گۆڕانکاری دیجیتاڵیدا، پاراستنی تایبەتمەندێتی و زانیارییەکان بوونەتە پرسێکی بنەڕەتی کە ڕووبەڕووی وڵاتان و کۆمەڵگاکان دەبێتەوە. لە عێراقدا بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکات و دزەکردنی زانیارییەکان بە ڕێژەیەکی بەرز ڕوودەدات، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دەرکردنی یاسایەک کە پارێزگاری لە تایبەتمەندێتی و زانیاری تاکەکان بکات. ئەم یاسایانە تەنیا ڕێوشوێنی ڕۆتینی نین، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی و مافی بەکارهێنەر، چونکە پاراستنی نهێنی (تایبەتمەندێتی) مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە، وەک لە مادەی ١٢ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا دووپاتکراوەتەوە.

دەرکردنی یاساکانی پاراستنی نهێنی و پاراستنی زانیاری لە عێراق هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی و مافی بەکارهێنەر

لە عێراقدا کە ژێرخانی دیجیتاڵی هێشتا لە گەشەکردندایە، بەکارهێنەران پارێزگارییەکی پێویستیان نییە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تایبەتمەندێتی، وەک دزەکردن یان بەکارهێنانی زانیارییە کەسییەکان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان، بۆیە دەرکردنی یاسای ڕوون لەم بوارەدا دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی پاراستنی مافی تاکەکان و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی زانیارییەکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی یان سیاسیی بەشێوەی نایاسایی، ئەمەش جگە لە ڕەهەندە ئەمنییەکانی، لە هەموو وڵاتان، زانیاری بەکارهێنەران بە بەشێکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانیی دادەنرێت و وڵاتانی زلهێز ململانییەی توند لەسەر بەدەستهێنانی زانیاری دەکەن تەنانەت بۆ سەپاندنی هەژموونی جیۆپۆلەتیکی خۆیان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاری بەکارهێنەران دەدەن.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە عێراق ڕووبەڕووی زیاتربوونی ئاستەنگەکانی ئاسایشی دیجیتاڵی دەبێتەوە، لەوانە هێرشی ئەلیکترۆنی و پێشێلکردنی تایبەتمەندێتی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، وەک “ڕاپۆرتی ئابووری دیجیتاڵی عەرەبی” کە لەلایەن کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیەوە دەرچووە، متمانە بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە بوونی یاسایەکەوە کە بەکارهێنەران دەپارێزێت. لە عێراقدا یاساکانی پاراستنی زانیارییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان، ئەمەش هاندەرە بۆ زیاتر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە کەرتی گشتی و تایبەتی لە لایەن خەڵکەوە، وەک حکومەتی ئەلیکترۆنی و بازرگانی ئەلیکترۆنی.

بەبێ یاسای ڕوون؛ ئەستەمە بتوانرێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بە شێوەیەکی ناپارێزراو مامەڵەیان لەگەڵ زانیارییەکان دەکەن، بوونی یاسای تایبەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵی، لەم ڕووەوە دەرکردنی یاسای گشتگیر، عێراق تواناداردەکات تابتوانێت هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە و وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت، چونکە کۆمپانیا جیهانییەکان پێیان باشە لە ژینگەیەکدا کاربکەن کە سیاسەتێکی ڕوونی پاراستنی زانیاری بوونی هەبێت، ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەک پەیماننامەی گشتی پاراستنی زانیاری بەکارهێنەران لە یەکێتیی ئەوروپا (جی دی پی ئاڕ)، ستانداردی توندی پاراستنی زانیارییەکان دەسەپێنن.

لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرەوە دیجیتاڵییەکان، دەرکردنی یاساکانی پاراستنی نهێنی و پاراستنی زانیاری لە عێراق هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی و مافی بەکارهێنەر. ئەم یاسایانە نەک تەنها تاکەکان دەپارێزن، بەڵکو بەشداری دەکەن لە بنیاتنانی ئابوورییەکی دیجیتاڵی بەهێزتر و کۆمەڵگەیەکی سەلامەتتر و زیاتر بڕواو متمانەی بەتوانای تەکنەلۆژیا بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *