دوو ڕێکخراوی هاوبەشی عێراقی لەم دواییانە هاوکاربوون بۆ یارمەتیدانی کچێکی هەرزەکار کە ڕووبەڕووی ئازاردانی دیجیتاڵی بووەتەوە. ئەم کەیسە نیشان دەدات کە چۆن هاوکاری نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت پشتگیری لە خۆڕاگری دیجیتاڵی ژنان بکات.

لە دڵی عێراقدا کە فرەچەشنی کولتووری ڕووبەڕووی گرەوەکانی سەردەمی مۆدێرنیتە دەبێتەوە، کچێکی هەرزەکار دەبێتە ئامانجی توندوتیژی دیجیتاڵی. دینا* تەمەن ١٦ ساڵ، سەر بە کەمینەی ئایینی ئێزیدییە. چیرۆکەکەی تەنها چیرۆکی ئازار نییە بەڵکو چیرۆکی خۆڕاگرییە: بە پشتیوانی دوو ڕێکخراوی ناوخۆیی، دینا تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا نائومێدی کردە دادپەروەری.

هەردوو ڕێکخراوەکە هاوبەشن لە دەستپێشخەری ئەو دامەزراوەیەی کە وەڵامەکانی “ئیکۆسیستەم” بۆ توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان تاقیدەکاتەوە. ئەم پڕۆژە تاقیکارییە کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت، و هاوکات پەرە بە داهێنان و هاوکاری نێوان ڕێکخراوە کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و ئوردن دەدات.

ئەزموونە تاڵەکەی دینا بە چیرۆکێکی سادە لەسەر واتساپ دەستیپێکرد – تایبەتمەندییەک کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات نوێکارییەکان لەگەڵ هاوڕێکانیدا هاوبەش بکەن کە دوای ٢٤ کاتژمێر نامێنن. دینا وەک زۆرێک لە کچانی هاوتەمەنی خۆی، ئەو ڕۆژە وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە. بەڵام ئەمجارە یەکێک لە هاوڕێکانی دینا متمانەکەی دۆڕاندو ستۆرییەکەی دینای لەگەڵ ناسیاوێکی کوڕیدا هاوبەشکرد.

ئەم پیاوە بەناوبانگە بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی زیانبەخش سەبارەت بە ژنان. لەم حاڵەتەدا وێنەکەی دینا کۆپی کردووە بۆ پۆستێکی تیکتۆک، کەپشنێکی بۆ زیاد کردووە کە وا دەردەکەوێت وەک ئەوەی بە شێوەی ئۆنلاین داوای سێکس بکات. وێنەکە خۆی بێ زیان دەردەکەوت، وشەکانی بە زمانی کرمانجی ئێزیدی نووسراون — بۆ زۆربەی بەکارهێنەران و فلتەری ستانداردەکانی کۆمەڵگەی تیکتۆک بێمانبوون. بەڵام ئەو پۆستە کاردانەوەی وێرانکەری لە کۆمەڵگەی کۆنەپارێزی دینادا هەبوو. خەڵک بیر لە چی دەکەنەوە؟ وەڵام دانەوەیان چۆن دەبێت؟ ئەگەر جێبهێڵرێت ئەوا چەند کێشەکە گەورە دەبێت، ئەم نامە ساختەیە چ شەرمەزارییەکی ترسناک بەسەر دینا و خێزانەکەی دەهێنێت؟

وەڵامدانەوەی خێرا

لە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێدا دینا و خێزانەکەی ڕووداوەکەیان بۆ پۆلیس باسکرد. ئەفسەرێک بەڵێنیدا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی لە توانای پۆلیس دەرچووە. پەیامەکەی ڕوون و ڕاستگۆیانەبوو ئەوە بوو کە نابێت چاوەڕێی ئەوە بکات بەم زووانە چارەسەرێک ببینێت.

پاشان دینا ڕووی لە کۆمەڵەی ژنانی بەغا کرد. ئەو بیستبووی سەبارەت بە کۆمەڵەی ژنانی بەغدا بەڵام نەیدەزانی توندوتیژی دیجیتاڵییان وەک بوارێکی نوێی گرنگیپێدان وەرگرتووە، کاتێکیش بە نائومێدی دەستی بۆ ئەوان درێژ کرد، پشتگیری سۆزداری دەستبەجێ و ڕێگایەکی بۆ دادپەروەری دۆزیەوە.

” کاتێک ئەو پۆستەم بینی کە وێنەکەم و دەقە ڕقاوییەکەی لەسەرە، هەستم کرد ژیانم کۆتایی هاتووە. بەڵام زۆر دڵخۆشم کە خێزانەکەم باوەڕیان پێکردم کە ئەمەم پۆست نەکردووە، و یارمەتیاندام  داوای پشتگیری لە ڕێکخراوەکە بکەم. دڵنەواییت دێت کاتێک بزانیت کەسێک هەیە دەتوانێت یارمەتیت بدات. ئێستا ژیرترم و هەوڵدەدەم یارمەتی هاوڕێکانم بدەم بە سەلامەتی لە سەر ئینتەرنت بمێننەوە. هەروەها زیاتر وریام لەوەی کە هاوڕێیەتی کێ دەکەم و زیاتر ئاگادارم لەوەی کە بە ئۆنلاین چی پۆست دەکەم. – دینا”

جیهان حسێن، بەرپرسی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵەی ژنانی بەغدا، پەلە دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی دینا بدات بۆ تێپەڕاندنی گێژاوی سۆزداری. هەروەها توانی پشتگیری دەروونی ئەو هاوڕێیەی دینا بکات کە پۆستەکەی دینا بڵاوکردەوە، لەگەڵ خێزانەکەی.

دواتر کۆمەڵەی ژنانی بەغدا پەیوەندی بە تۆڕی ئەنسەم بۆ مافە دیجیتاڵییەکانەوە کرد کە هاوبەشێکی دیکەی پڕۆژەکەیەو شارەزای ئاسایشی دیجیتاڵین. بۆ زۆربەی خەڵک، ڕەنگە پۆستەکەی تیکتۆک بێ زیان دەرکەوتبێت: وێنەیەک کە نووسینێکی بە زمانێکی تەمومژاوی نووسراوە. بەڵام تیمی ئەنسەم لە پەیامەکە تێگەیشتن. بە بەکارهێنانی پێگەی خۆیان وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لەگەڵ تیکتۆک، ڕاپۆرتێکیان پێشکەش کرد – وەرگێڕانی نووسینی سەر وێنەکە، بەڵگەنامەکردنی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە دیناو باسکردن کاریگەرییە فراوانترەکانی ئەم کرە لەسەر پلاتفۆرمەکە.

“بەو پێیەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە لەو کاتەوەی کە ئەم پڕۆژەیەمان لەگەڵ دامەزراوی SECDEV دەستپێکردووە، ئێمە پێشتر ئامراز و شارەزاییمان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرەی توندوتیژی لە ڕێگەی ڕێبازێکی تەواوکاری. ئێمە نەک هەر پاڵپشتییەکی دەروونی و تەکنیکیمان پێشکەش بە قوربانییەکە کرد، کە لەسەرەتاوە تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر ببوو، بگرە توانیمان بگەینە کچەکەی دیکە کە ئەویش تەمەنی خوار تەمەنی یاساییە و خێزانەکەی لەو مەترسیانە ئاگادار بکەینەوە کە کچەکەیان بەرکەوتەی بووە. بۆ ئێمە کارێکی سەرنجڕاکێش بوو دڵنەوایی بوو کە بینیمان هەردوو خێزانەکە پشتیوانی کچەکانیان بوون و لە جددیەتی دۆخەکە تێگەیشتنوون. – جیهان حسێن، کۆمەڵەی ژنانی بەغدا”

لە نائومێدیەوە بۆ دادپەروەری

ئەوەی دواتر ڕوویدا دڵخۆشکەر بوو. لە ماوەی دوو ڕۆژدا تیکتۆک بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکەی ئەنسەم هەنگاوی نا. پلاتفۆرمەکە ئەو پۆستەی لابرد کە هێرشی کردە سەر ناوبانگی دینا. دوای لێکۆڵینەوەیەکی کورت، ئەکاونتی تاوانبارەکەشیان بۆ هەمیشە داخست. هاوکات ئەنسەم و کۆمەڵەی ژنانی بەغدا دەرفەتەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی یارمەتی دینا و ئەوانی دیکە بدەن خۆیان لە هەڕەشەکانی داهاتوو بپارێزن.

ئەو بڕیارە لە زۆر بەرەدا سەرکەوتن بوو. بۆ دینا بە مانای گەڕاندنەوەی کەرامەت و سەلامەتی بوو. بۆ خێزانەکەی، باوەڕیان بە کاری تیم گەڕاندەوە. بۆ کۆمەڵگەیش ئاماژەی بەوەدا، توندوتیژی دیجیتاڵی بێ چەواشەکاری و گرەو نابێت. دینا وەک ئەندامێکی کەمینەیەکی پەراوێزخراو دەڵێت زۆرجار هەستم بەوە دەکرد کە من و هاوشێوەکانیم  نەبینراون لە لایەن ئەوانی ترەوە. بەڵام ئەم ئەزموونە ئەوەی بۆ کۆمەڵگاکەی دینا ئاشکراکرد کە ڕێکخراوگەلێک هەن، ئامادەن گوێان لێبگرن و پشتگیریان بکەن و بەناوی ئەوانەوە کار بکەن.

” ئێمە ڕێکخراوێکین ئەرکمانە پشتگیری لە ئینتەرنێتێکی سەلامەتترو پارێزراوترو مافە دیجیتاڵییەکان بکەین. گرنگ بوو نەک تەنها پشتگیری ئەم کچە بکەین و ئەو پرسە دەستبەجێیە لاببەین، بەڵکو توانای ئەویشمان هەبێت بۆ بنیاتنانی توانای کچەکەی تریش و ئێستا ئەکاونتی پارێزراویان هەیە و تێدەگەن چۆن بە ئۆنلاین سەلامەت بن. ئاسیا ئەنوەر، ڕێکخەری پڕۆژە لە دامەزراوەی ئەنسەم بۆ مافی دیجیتاڵی”

بۆ کۆمەڵەی ژنانی بەغدا و ڕێکخراوی ئەنسەم بۆ مافە دیجیتاڵییەکان، ئەم کەیسە تیشکی خستە سەر بەهای وەڵامدانەوەی توندوتیژی بە شێوەیەکی هاوبەش. پێکەوە سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی شتێک کە هێشتا دەسەڵاتە تەقلیدیەکان نەیانتوانیوە بیکەن. بە تێکەڵکردنی خێرای پشتگیری دەروونی کۆمەڵایەتی و شارەزایی تەکنیکی، توانیمان هەردوو لایەنی سۆزداری و پراکتیکی پرسەکە چارەسەر بکەین. ئێستا هەردوو گروپەکە ئەم چیرۆکە لە سۆشیال میدیادا بڵاودەکەنەوە – لەنێویاندا بە زمانی کەمینەکان لە عێراقدا – بۆ بەرزکردەوەی ئاستی هۆشیارکرد خەڵک سەبارەت بە توندوتیژی دیجیتاڵی و هاندانی کەسانی دیکە بۆ داوای یارمەتی.

پشتگیری لە ئیکۆسیستەمەکان بکەن

کەیسی دینا نیشان دا کە چۆن کاری نێوان ڕێکخراوە ناوخۆییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی دیجیتاڵی. ئەم جۆرە هاوکارییە کڕۆکی پرۆژە نوێیەکەماندایە کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە عێراق و ئوردن پاڵپشتی دەکرێت و پرۆژەیەکی ئەزموونییە”.

  • چەندیین ساڵە، ئێمە پشتگیریمان لە وەڵامدانەوەی خیراو جۆراوجۆرەکان دەکەین بەتایبەت لەبارەی توندوتیژی دیجیتاڵی لە ناوچەی MENA (ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقیا) سەرەتا بە ڕاهێنان لەسەر سەلامەتی دیجیتاڵی و پاشان پێشکەشکردنی پشتگیری دەروونی کۆمەڵایەتی. ئەم پڕۆژە نوێیە تایبەتە بە بەستنەوەی خاڵەکان و بەهێزکردنی تەواوی ئیکۆسیستەمەکان بۆ پشتگیریکردنی بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیای مێینە و قوربانیانی توندوتیژی دیجیتاڵی. ئەمەش بە واتای بونیادنانی توانا و پەیوەندی نێوان ئەو ڕێکخراوە زۆرانە و ئەوانی تر کە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی ژنان. لە کۆتاییدا، دیدگاکە ئەوەیە کە ئەمە لە سەرانسەری لانیکەم سێ کەرتی فراواندا ئەنجام بدرێت: حوکمڕانی “الحوكمة” (واتە یاسا و سیاسەت)، تەندروستی و پەروەردە.
  • بۆ نموونە، ئێمە کارەکەین بۆ هاوبەشیکردنی شارەزایی نوێ لەبارەی توندوتیژی دیجیتاڵی لە نێوان گروپە ستراتیژییەکانی وەک: پارێزەران، دادوەران و یەکەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییە ناوخۆییەکان، هاوکات کاردەکەین لەپێناو بونیادنانی توانا ڕێکخراوان لەبواری تەندروستی دەروونی و زاوزێی ژنان و یارمەتیدانی هاوبەشانی پەروەردەی ناوخۆیی بۆ پەرەپێدانی ئامرازەکانی فێرکردن لەسەر توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان.

وەک پەندی پێشینان دەڵێت: “کۆمەڵگەیەکی زیندوومان دەوێت”. ئێمە لە عێراق و ئوردن دەستمان بەم کارە کردووە، هەروەها بەدوای دەرفەت دەگەڕین بۆ بنیاتنانی ئەزموونێکی سەرکەوتوو. چونکە ئەزموونی ئێمە لە سەرانسەری ناوچەی MENA (ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکووری ئەفریقیا) نیشان دەدات کە ژنان ئامادەن سەرکردایەتی پێشکەوتن بکەن – بۆ دروستکردنی فەزای سەلامەتتر بۆ خۆیان لە ناو جیهانی دیجیتاڵیدا.

* “دینا” ناوێکی ساختەیە کە بۆ پاراستنی تایبەتمەندییەکانی دینا دانراوە. هاوکات وردەکارییەکانی دیکەی ناو چیرۆکەکەی وردن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *