کۆمەڵێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی و عێراقیی لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پەیوەست بە دەستگیرکردنی چالاکانی خۆپیشاندانەکان بکەن و سەرجەم ئەو دەستگیرکراوانەش ئازاد بکەن کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەشێوەیەکی بەزۆرەملێیانە دەستگیرکراون.
لەبەشێکی بەیاننامەکەی ئەو ڕیکخراوانەدا هاتووە” هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ١٠ی دیسەمبەر، ئەو ڕێکخراوانەی لەخوارەوە واژۆیان کردووە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن لێکۆڵینەوەیەکی دادپەرەرانە و هەمەلایەن و کارا لە حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بکەن کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وە دەستیان پێکردووە و لەگەڵ حاڵەتەکانی شوێنبزرکردنی بەزۆرەملێ و کوشتنی دەیان چالاک و رۆژنامەنووس و پارێزەری عێراقی و ئەندامانی ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەدەرەوەی یاسا، هەروەک ئازادکردنی هەموو ئەوانەی بەشێوەیەکی زۆرەملێیانە بەپێچەوانەی مافەکانیان لە ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە دەستگیر کراون و هەموو ئەوانەشی دەستیان لەو کارانەدا هەبووە دەبێت رادەستی دادگا بکرێن .
ئەو ڕێکخراوانە بەتایبەتی نیگەرانی قوڵی خۆیان بەرانبەر بەلێنەپرسینەوە لە پرۆسەکانی کوشتن لەدەرەوەی یاسا دەربڕیوە کە لەمساڵدا روویانداوە، کە ئەو کەسانە تەنیا لەبەر گوزارشتکردن لە بۆچوونەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەئامانج گیراوان.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتدارە ناوچەییەکان لەڕێگای دەستگیرکردنەوە چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیان کردۆتە ئامانج و ئازادییە گشتییەکانیان سنووردار کردووە، بەتایبەت ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادی کۆر و کۆبوونەوەی ئاشتیانە، بەشێوەیەک لە مانگی ئابی 2020دا دەیان چالاکوان و مامۆستا و خۆپیشاندەری ئاشتیخواز، کە لە خۆپیشانداندا بەشدار بوون و داوای کۆتایی هێنان بە گەندەڵی لە هەرێم و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێدانی مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەران و ئەنجامدانی چاکسازی هەمەلایەنیان دەکرد دەستگیرکران، هەرچەندە هەندێکیان ئازاد کراون، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆریان بەدەستبەسەرکراوی ماونەتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای عێراقییەکان جێبەجی نەکردووە بۆ بەدادگایی کردنی ئەو کەسانەی تاوانیان دەرحەق بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و خۆپیشاندەران ئەنجامداوە، ئەوەش سەرەڕای بەڵێنی دووبارەی دەسەڵاتداران، لەوانە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە، بەڵام هێشتا دەسەڵات لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبووە، ئەمەش وایکردووە دەربازبوون لە سزا تۆختر بێتەوە و بەردەوامبێت.
واژۆکەران
1 ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی
2 فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، لەچوارچێوەی روانگەی پارێزگاریکردن لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ.
3 ناوەندی کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ
4 هیوامان رایتس وۆچ
5 تۆڕی عێراقی بۆ راگەیاندنی کۆمەڵگەیی
6 روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ
7 ناوەندی میترۆ بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی رۆژنامەنووسان
8. ریکخراوی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان، لەچوارچێوەی پارێزگاریکردن لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ