تەكنەلۆژیا ئامرازێكی دوو سەرە، بەقەد سوودوكانی لە پێناو خۆشگوزەرانیو خێرومەندی، زیانی هەیە. بەڵام ڕاستییەك هەیە پێویستە هەمووان بیزانن، تەكنەلۆژیا خراپ نییە بەڵام ئەوە بەكارهێنەرە بە خراپیو بۆ شەڕانگێزی بەكاری دەهێنێت .
شارەزاییو ڕەفتاری باش مەرجێكی سەرەكی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیایە بەتایبەت، كۆمپیوتەر، مۆبایل، ئەنتەرنت، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەداخەوە لە كوردەوارییدا رێژەی نەشارەزایی بەرزەو گێشە دروستبووەكان بە ڕادەیەكی زۆر بەرۆكی مێینە دەگرێتەوەو ئاییندەو چارەنوسیانی خستووتە بەر مەترسی، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان لەسەر ژنان لێرەدا چەند پێشنیارو ڕاسپاردەیەك دەخەینەڕوو، بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییە بزانرێت كە شارەزاییو رەفتاری دروستی بەكارهێنەر باشترین رێگەیە بۆ خۆپاراستن .
كۆمپیوتەرەكەت بپاریزە ؟
ئەو ساتەی كۆمپیوتەرەكەت بە بێ ئامانج بە ئەنتەرنت دەبەستیتەوە، بەهۆی چەند هۆكارێك كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەمووانە هەڕەشەكان زیاتر دەبن، نموونەی ئەو بەرنامانەی لەسەر كۆمپیوتەركانمان هەیە كە هەموویان ئۆرجناڵ نین، بۆیە كاتێك فۆرمات دەكەن، لە رێگەی ئەنتەرنتەوە لە ماڵپەڕە فەرەمییەكانەوە تەنها ئەو بەرنامانەی پێویستتانە دابەزێنن، ماڵپەڕی جێگرەوە بەكار مەهێنە بۆ دابەزاندنی بەرنامەكان .
هەوڵدە ئامرازی چونە ناو كۆمپیوتەرەكەت تۆرو گوگڵ كرۆم و فایرفۆكس بن لە هەموو ئامرازێكی تر باشترنو ئاسایشت دەپارێزن بەتایبەت گەڕانی شاراوە .
بە پارچە كاغەزێك كامیرای كۆمپیوتەرەكەت دابخە بە هیچ شێوەیەك بۆ هەر كەسێك كە نایناسی مەیكەرەوەو لە شوێنی گشتی بەبێ ئەوەی كۆمپیوتەرەكەت پارێزراو بێت بە جێ مەهێڵە، بە بێ پاككردنەوەی كۆمپیوتەرەكەو دەركردنی هاردەكانی مەیفرۆشە، جۆنكە لە ئەمڕۆدا تەنانەت دوای فۆرماتكردنیش دەیان بەرنامە هەیە دەتوانرێت لە رێگایانەوە زانیارییە سڕدراوەكان دووبارە بهێنرێنەوە . دوای هەموو بەكارهێنانێكی ئەنتەرنت مێژووی دانیشتنەكە لە رێگەی سڕینەوەی history بڕاوسەرەكە بكوژێنەوە.
مۆبایل، باشترین هاوڕێو ناوازەترین سیخور .
سەرەتای مەترسییەكان لە ئاڵوگۆڕكردنی مۆبایلەكانی نەوەی چوارەمو پێنجەم دەستپێدەكات، بە فۆرماتكردنی وا هەست دەكەیت كە تەواوی زانیارییەكانی ناو مۆبایلەكەت سڕاوەتەوەو دەیفرۆشیت، بەڵام ئەم باوەڕەی تۆ هەڵەیە، كڕیاری نوێی مۆبایلەكەت دەتوانێت بە بەكارهێنانی بەرنامەی تایبەت تەواوی گرتە ڤیدیۆییو وێنەكانت بهێنێتەوە، بۆیە دەبێت هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت مۆبایلەكەت مەگۆڕەو لە دەستی دوو شت مەكڕە. لایەنێكی تری مەترسییەكانی مۆبایل ئەو هەموو بەرنامە بە خۆڕاییانەیە كە دادەبەزێنیت، باشە با پرسیارێك بكەین، لەبەرامبەر داگرتنی بەرنامەیەكی بە خۆڕایی پەرەپێدەری بەرنامەكە چی لە تۆی بەكارهێنەر دەوێت ؟ باشە ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە بۆ چی ئەو هەموو بەرنامە بە خۆڕاییە دەخەنە بەردەست، ئەگەر هەموو شتێك بە خۆڕاییە ئەوان لە چی قازانج دەكەن ؟!؟
زۆرێك لەو بەرنامانەی دایدەگرن لەسەر مۆبایلەكانتان ڕادەی ئاسایش تیایدا زۆر لاوازەو زانیاریت لەسەر كۆ دەكاتەوە . تۆ لەكاتی داگرتنیان مەرجەكانی بەكارهێنانی ناخوێنیتەوە، بۆیە زۆر جار مافی زۆری پێدەبەخشی وەك گەیشتن بە وێنەكانت، لیستی ناوەكانت، كردنەوەی كامیراو مایكی مۆبایلەكەت، خوێندنەوەی نامەكانت، دیاریكردنی شوێنت، خوێندنەوەی تۆماری پەیوەندییەكانتو دەیان مەرجی تر نموونەی بەرنامەی truecaller كە لەپاڵ ئەمانەش ژمارەكەت بڵاو دەكاتەوەو هەموو كەسێك بە ئاسانی دەتوانێت بگاتە ژمارەو شوێنو زانیارییەكانت .
زۆر گرنگە لەكاتی بەكارهێنانی بەرنامەیەكی وەك ڤایبر، بەم هەنگاوانە مافی باركردنی وێنەو ڤیدیۆكانت بۆ سێرڤەرەكانی كۆمپانیا بسێنیتەوە بچۆ بۆ Settings ئینجا Media و هەموویان دابخە .
ژنان پێویستە لەگەڵ خێزانەكانیان ڕاستگۆ بن، هەر كێشەیەك چەند گەورە بێت لە لای مێردەكەی یان خێزانەكەی باسی بكاتو نەیشارێتەوە، چونكە هەندێكجار شاردنەوە زیانەكان چەند ئەوەندە زیاتر دەكەن . بۆیە ڕاستییەكان بڵێ، ئەگەر ناتوانی ئەمە بكەیت دەتوانی لە لای دوو كەسی جێگەی باوەڕ باسی بكەیت وەك شایەتحاڵ .
ژمارەی نامۆ هەڵمەگرە، ڤیدیۆ چات لەرێگەی بەرنامەكانی ڤیدیۆ چاتەوە بۆ هیچ كەسێك مەكەرەوە، بەشداری گروپی چاتی نامۆ مەكە، وشەی نهێنی بۆ شاشەی سەرەكی مۆبایلەكەت دابنێ، وریابە مۆبایلەكەت لای هیچ كەسێك كە جێگەی متمانە نییە بەجێ مەهێڵە . ئاڵوگۆڕی مۆبایلەكەت مەكە . وێنەی خۆت و خێزانەكەت بە شێوەی نەشیاو مەگرە، دڵنیا نەبیت بە وایفای و بلوتوس ڤیدیۆو وێنە مەنێرە بۆ نزیكەكانت . ئەنتەرنتی شوێنە گشتییەكان بەكار مەهێنە ریستۆرانت و كۆفی نت و بازاڕەكان . ئەوەی پێی دەوترێت میمۆری بە هیچ شێوەیەك فڕێ مەدە و مەیبەخشە چونكە تەنانەت فۆرمات بكرێت لە رێگەی بەرنامەی تایبەتەوە ئەوەی سڕاوەتەوە دەهێنرێتەوە .
ئەنتەرنت جیهانێكی ئاڵۆز !
بە بێ ئەوەی ئامانجێكی دیاریكراوت هەبێت ئەنتەرنت بەكار مەهێنە . ئاسایشی ژیانی دیجیتاڵی هەر یەك لە ئێمە بەندە بە رەفتارمانەوە لە سەر تۆڕی جیهانی نت، ئەگەر ئەنتەرنت بە وریاییەوە لە رَگەی كۆمپیوتەرو مۆبایلو تابلێتو ئایپادەكانتانەوە بەكار نەهێنن، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبنە قوربانی ئەو كەسانەی خراپەكارن.
هەوڵ مەدە ئەنتەرنتی گشتی لە رستۆرانت و كۆفی نێتو بازاڕەكان بەكار بهێنیت، كاتێك بە مۆبایلەكەت دەچیتە ئەنتەرنتەوە مەترسییەكان بە رێژەیەكی زۆر زیاد دەكەن، چونكە وەك پێشتی ئاماژەمان پێدا لەوانەیە چەندان بەرنامە هەبن تۆ مافی زۆری گەیشتن بە زانیارییەكانت پێدابێت ئەو كات هەموو شتێك بار دەكەن بۆ سەر تۆڕی جیهانی ئەنتەرنت . خاڵی پەیوەندیت بە ئەنتەرنت با ئامرازەكانی گەڕانی تۆر و كرۆم و فایرفۆكس بن ، ناوی راستەقینەی خۆت وەك ناوی بەكارهێنەر بەكار مەهێنە، زانیای تایبەتو كەسێتی ئاشكرا مەكە، گرنگە وشە نهێنییەكانت بۆ ئەو خزمەتگوزاریانەی بەكاری دەهێنیت زۆرنهێنی بێتو كەس نەیزانێت . مەرجەكانی تایبەتمەندیو بەكارهێنان بە باشی بخوێنەوە پێش بەكارهێنانی هەر خزمەتگوزارییەك . هیچ زانیارییەك كە ناتەوێت كەس بیبینێت بڵاو مەكەرەوە لەسەر ئەنتەرنت . ئەو كاتەی هەر زانیارییەك لەسەر ئەنتەرنت دادەنێت ئەو ڕاستییە بزانە كە ئیتر ناگەڕێتەوە . هاوڕێیانی گریمانەیی سەر ئەنتەرنت پێویستە هەر بە گریمانەیی بمێننەوە . سەردانی ئەو ماڵپەڕانە مەكە كە بە درێژكراوەی //:https كار ناكەن . بۆ ئەوەی ون نەبیت لەناو جیهانی ئەنترنت، بە بێ ئامانج دەرگای ئەم جیهانە لەخۆت مەكەرەوە .
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جیهان بچوك دەكاتەوە
پڕ رەواجترین تۆڕ كە لە كوردستانو عێراق بەكار دەهێنرێت تۆڕی فەیسبوكە، دواتر یوتیوب و ئینستگرامو پاشان تویتەر دێن، سەرەتا با پرسیار بكەین، ئەم خزمەتگوزاریانەی بە خۆڕایین، كۆمپانیاكانیان چۆن قازانج دەكەن ؟!؟ وەڵام بۆ خۆتان بە جێ دەهێڵین .
رەفتارت لەسەر فەیسبوك دەتپارێزێت یا تووشی كێشەت دەكات، بۆیە پێویستە رەچاوی ئەمانە بكەیت لە سەر فەیسبوك و تەواوی تۆڕەكانی تر . تایبەتمەندی بە كارهێنان بە شێوەیەكی باش رێكبخە . هاوڕێتی كەسانی نادیار قبوڵ مەكە . ئەو كەسانەی نایانناسی بە باشە یان خراپە وەڵامی نامەكانیان مەدەرەوە . وێنەی تابەتو خێزانی و ورووژێنەر بڵاو مەكەرەوە . وریابە با ژمارەی مۆبایلەكەتو ئیمێڵەكەت هەموو كەسێك نەیبینێت . كلیك لەسەر ئەو لینكانە مەكە كە لە رێگەی نامەوە بۆت دێن. لایكی پەیجی نەشیاو مەكە . رەزامەند مەبە لەسەر دانانت لەو گروپانەی كە ناتەوێت ئەندام بیت تیایدا . لە فەیسبوكەوە یاری مەكە، چونكە ئەو یارییانە پێویستیان بە پێدانی مافی بەكارهێنانەو زۆرجار زیانت پێدەگەیەنن . لە كۆمپیوتەرو مۆبایلی كەسانی ترەوە فەیسبوكەكەت مەكەرەوە، ئەگەر ناچاربووی دڵنیابە لە دەرچوون لە هەژمارەكەت (ئەكاونت) پاشان سڕینەوەی history و كۆژاندنەوەی كۆمپیوتەرەكە، لە رێگەی ئەنتەرنتی كۆفی نێتو یانەو چێشتخانەكان وشەی نهێنی هەژمارەكانت داخڵ مەكە . ئەگەر لە پڕ فەیسبوكەكەت كوژایەوەو دوای نووسینەوەی یوزەر نیم و پاسوێردی كرد یەكسەر براوزەرەكەت بكوژێنەوەو جارێكی تر بیكەرەوە بە شێوەی دروست ناوی ئەو خزمەتگوزارییە بە بێ هیچ زیادەیەك بنووسەو ئینجا یوزەر نیم و پاسوێرد بنووسەو هەژمارەكەت بكەرەوە .
یاسای ئاڵتوونی
(رەفتاری دروست لەگەڵ تەكنەلۆژیا بە گشتی لە مەترسی دەتپارێزێت).